3موسیقای هه‌ورامان

خوێنەری بەرێز لەوە ئاگادار دەکەمەوە کە ئەم وتارە پێشتر لە کونگرەی هەورامان ناسی ومەراسیمی رێزلینان لە هونەرمەندانی هەورامان لە شارۆچکەی خورماڵدا پێشکەش کراوە بەڵام بە داخەوە لە هیچ کام لەو کۆڕە هونەری و رۆشنبیریانەدا وەک خۆی نەخراوەتە بەر دیدەی خوێنەران هیوا دارم بە چاوی رەخنەگەرانەوە بخریتە بەردەم شیکاری رۆشنبیرانەوە و دەوڵەمەند تر بکرێت .

دەسپێک:

گەربە چاوێکى ورد ببینە بڕوانین بۆ لە دایک بوونى گۆرانى و سیاوچمانەى هەورامى ئەوا ئەگەڕێینەوە بۆ مێژوى هەورامیەکان کە ڕەنگە وەک مێژوى گەلى کورد گۆڕانکارى و ئاڵو گۆڕى زۆری بەسەردا هاتبێ ، خاوەن ڕایان پێیان وایە ئاوازو و گۆرانى لە گڤەی باو باران و خوڕە ی کانی و قرمە و هاژەی چەم ورووبار و نەعرەو لوورەی بوونەوەرانەوە سەرچاوەی گرتووە . بە هۆی ئەو تایبەتمەندییانەوە ە هەر وەها بە هۆی چیا و ئەشکەوت و چەم و دۆڵی عەجایب و و مۆسیقای سروشتەوە مرۆڤی هەورامی لە کاردانەوە و پاشان لاسایی کردنەوەی ئەو دەنگانەدا گونجانیکی لە نێوان داهێنانی خۆی و دیاردە سروشتییەکاندا دروست کردووە ئەم حاڵەتە وردە وردە لە خۆشی و ناخۆشییەکانیدا رەنگی دا وە تەوە بۆیە دەتوانین بڵێین گورانی و مرۆڤ لە گەڵ یەک خولقاون ؟ لەم پەیوەندییەدا بەڵگە مێژویەکان ئەمانبەن بۆ دەورانی پیش ئیسلام و بگرە ساسانیەکان ، وەک لە لاپەرەکانی مێژودا تومار کراوە کوردەکان بە دوای گرتنی نەێنەوا لە خۆشیدا ئاهەنگی ساز ئەکەن و بەریتمێکی خوش و بە ئاوازێکی سەیرەوە دەستی یەک دەگرن و سەما دەکەن بەمەش بۆ یەکەمین جار هەڵپەرکی و جۆرە گورانییەک کە دەکرێ بە بناغەی گۆرانی کوردی دابنرێت دێتَە ئاراوە ، لە بواری گورانی هەورامییەوە یان ئەو گورانیانەی کە لە گەرودا ئەوتری واتەvocal musical کورت زاس ئەڵی:

گورانی زۆر کون تر و لە پێشترە لە ئامێرەکانی موسیقا وە و بەدەسپێکی ژیانی مرۆڤایەتی سەریهەڵداوە ، مرۆڤ هەر لە منداڵییەوە و لە سەرەتای زمان پژانیەوە واتە کاتی نەکەوێتە گڕو گاڵ ئیتر وردە وردە ئاوازی پچرَ پچرَ بۆ خۆی ئەڵێت یان لاسایی ئەو دەنگانە ئەکاتەوە کە گویێ لێیان ئەبێت ، بۆیە دەس نیشانکردنی سالێکی دیاری کراو یان سەردەمێک بۆ میژوی گورانی هەورامی زۆر سەختوو دژ وارە، ئە گەر بیروڕای خاوەن قەلەمەکان بێنینە گۆڕێ ڕەنگە باسەکەدەرفەتێکی زۆرتری بوێت. بەڵام بۆ نموونە کاک دوکتۆر موحەمەدی موکری دەڵێت: وشەی گۆرانی دراوە تە پاڵ گوران کە خێڵێکی گەورەی نێوان سنە و کرمانشانە ئەم خێلە پەیرەوی ئایینی ئەهلی حەق ئەکەن هەروەها توفیق وە هبی ئەلی گورانی لە عەشیرەتی گورانەوە هاتووە، میجێرسۆنیش ئەڵێ گۆران خاوەنى شیعر و گۆرانین و کوردەکان گۆرانى لە گۆرانەوە فێر بوون ، منیش ئەڵیم خۆ ئەگەر ئەم بیرو بۆچوونانە ڕاست بن هەورامییەکان و گۆرانەکان لە یەک ناوچەدا دەژین و تەنانەت تێکەڵى یەکن وەک گوندى شێخان لە هەورامانی ئەودیو و هاوار لە هەورامانی ئەمدیو زیارەتگاى گۆرانەکانە و سوڵتان ئیسحاقیش لە شێخان نێژراوە ، سەڕەڕاى ئەوەش گۆران گۆرانیەکانیان لە سروودى یارسایان یاسەرئەنجام وەرگرتووە ئەوا ئێستاش سیاوچەمانە چ لە رووی زاراوەو شێعرەکانیەوە چ لە شێوەى وتندا بناغەو سەرچاوەی مۆسیقای گۆرانە و گەلێک لە یەکتر نزیکن، هەڵبەتە هەندێ لە شارەزایانی مێژوو تەمەنی موسیقای هەورامان کورتدەکەنەوە و لە ژێر ناوی فەهلەویات یان پەهلەویات رەنگ وبۆیەکی دەرباری پێدەبەخشن بۆیە دەڵێن: مێژوى سیاوچەمانە دەگەرێنەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان واتە ئەو کاتەی کە خەسرەو پەروێز پاشاى ئێران روو لە هەورامان دەکات و بە هۆى سروشتى جوان و دڵفڕێنى هەورامان، ئەم ناوچەیە بۆ ڕاو و شکار و سەیران هەڵدەبژێرێ ،سروشتی ئەفسوو ناوی و قاقبۆى کەو و هاژەى ئاو و رایحە و بۆن و بەرامەی گژ وگیای شاخ وداخی هەورامان واى لێ ئەکا کە لە باربەدى گۆرانى بێژ و مۆسیقاژەن داوا بکات بۆ ئەو هەموو جوانى و دڵفڕێنییەى ناوچەکە ئاهەنگ و سروودێک بڵێت بەناوی ئەورامەن کەدواتر ئەو ئاوازە دەبێتە بنەماى ئاهەنگ و گۆرانى ناوچەکە و سیاوچەمانەى لێ دەبێتەوە ، سەرەڕای ئەو تێروانیینە کورتە بۆ مێژوی مۆسیقای هەورامان هەندی کەسیتر بە شێوەی رووکەش سەیری مێژوی سیاچەمانە دەکەن و دەیبەنەوە بۆ سەردەمی ئەمارەتی ئەردەڵان !گوایا کەسێک بەناوى یۆسۆ ئاسکە لە بە ر چاوە ڕەش وجوانەکانی کڵاوزەر خاتوون سیاچەمانەی داهێناوە ، هەڵبەتە حاشا لەوە ناکەم کە یۆسو ئاسکە دەنگی خۆش بووبێت وبرەوی بە سیاچەمانە دابێت بەڵام سیاچەمانە کاڵای پر بەهای هەورامانە و لە مێژو و شارستانیەتی هەورامان دانابرێت.

جۆرەکانى گۆرانى هەورامى

پاش هەندی لێکۆلینەوە و بەشداری راستەو خۆی خۆم لەم بوارەدا گۆرانی هەورامیم بە سێ بەش پۆلێن کردووە :

1.حەقیقى 2.مەجازى 3.تایبەت(جۆرە گۆرانییەکى حەماسییە)

گۆرانى حەقیقى یا عیرفانى :ئەو نەوعە گۆرانییەیە تەنیا لە شیعر و کەلیمات لە مەجازییەکان جیا دەبنەوە و پتر بە ئاغەگیان و ناوی پیر و سیفاتی خواو دەس پێدەکەن و بە پێنج نەوع دابەش دەبن :

1.سیاوچەمانەى عیرفانى 3.وردە بەزمى عیرفانى

2.دەڕەیانەى عیرفانى 4.چەمەرى عیرفانى 5 .گۆرانى دایم یا شێوە چەپڵەى مەجازى

1.سیاوچەمانەى عیرفانى:ئەم سیاوچەمانەش هەر وەک سیاوچەمانەى مەجازى وشەکانى ئەکێشرێن بەڵام شیعر و کەلیماتى ئایینین ولە بارەى تەسەوف و تەریقەت و زاتى خودا و ئەوسافى پێغەمبەرانەوەیە و بە ئاغەلەیل و دەلیل لەیل کۆتایى دێت وەک دیدەم نازار گیان ،گوڵەکەم عەلى گیان ،کاکەوەى، لە بوێژانى ئەم سیاوچەمانانە ئەتوانین بە دەروێش رەحیمى دشەیى ،دەروێش موحەمەدى هانەگەرمەڵەیى ،کاک قادرى پاوەیى ،دەروێش ئەنوەرى نجارى ،دەروێش ئەنوەرى نەروییەیى ،دەروێش موحەمەدى داریانى ،کاک عوسمان و کاک حەمەحسین کێمنەیی و واڵە حەیرانی و..هتد ئیشارە بکەین .

2.دەرەیانى عیرفانى :کە لە کاتى بەهار وکاری هەرەوەزی بۆ ماڵی شێخ دەروێشەکان لە باتى بەزمە مەجازییەکان ئەم بەزمانە ئەڵێنەوە ئاغە گیان ،کاکە گیان ...هتد

3. وردە بەزمى عیرفانى : ئەم نەزمانە لە کۆبوونەوە و دانیشتنی پیاوانى ئاینى و دەروێشاندا وبەمەبەستی بە جۆش وخرۆش هێنانی دەروێشەکان ئەوترێن وەک لەیل و لەیل ،ئەڵا ئەڵاى خاو ، یاران یاران و ئازیز ....

4.چەمەرەى عیرفانى : لە کاتى لە دەست دانى دەروێشێک یان شێخێک دەوترێ و شێوەى وتنى زۆر نزیکە لە هۆرە و سۆز

5.گۆرانى دایم (شێوە چەپڵەى مەجازى):لە کاتى حەڵقەى زیکر و سەماعى دەروێشاندا ئەوترێ وەک ئاغەم نازار ،لاوە لاوە ،گەرد و گەردان ...هتد

جۆرەکانى مەجازى

1.سیاوچەمانە 2.وردەبەزم 3.دەڕەیانە 4.چەمەریانە 5.چەپڵە (چەپى)

سیاوچەمانە:

سەرەتا پێمباشە پێناسەیەکی راست ودروست بۆ ئەم بەشە لە گۆرانی هەورامی بخەمە روو ، چونکە لە راستیدا تا ئێستا بە شێوەیەکی تەکنیکی و زانستی ئەم بەشە لە گۆرانی هەورامی پێناسەی بۆ نەکراوە و تەنانەت هەندێ لە نووسەران و لێکۆڵەرانی ئەم بوارە لە پێناسە کردنیدا توشی هەڵە دەبن ، بەشبەحاڵی خۆم لە کونگرەی هەورامانناسیدا پێناسەی سیاچەمانەم خستۆتە روو ولێرەشدا بە پێویستی دەزانم دووبارەی بکەمەوە واتە دەبێ بڵێیم سیاچەمانە یان ۆکاڵ موزیک ئەو گۆرانیەیە کە بە ئەرێ گیان ،ئەرێ بخوا ، ئانە وئانە گیان دەست پێدەکات و پتر لە گۆرانییەکانی تر گەروو دەلەرێتەوە و دواجا بە توخا لەیل، ئاخ لەیل و گیان لەیل وئازیز لەیل کۆتایی پێدێت ،سیاچەمانە گرینگترین و دژوارترین گۆرانى هەورامییە کە حەنجەرەیەکى تایبەتى ئەوێ ، وشەی سیاچەمانە پێکهاتووە لە دوو وشەى سیاو +چەمان بە ماناى چاوى ڕەش یان چەمى ڕەش یان جامەی رەش ، هەندێ لە نووسەران و لێکۆڵەران دەڵێن :سیاچەمانەلە بنەرەتدا سیاجامانە کە ئەم وشەیە پێکهاتووە لە سیا بە واتای رەش + چامان یان جامان بەواتای دامان و داوێن ...کە لە سەر یەک دەبێتە دەر دامان رەش یا پۆشین رەش و ئەم جۆرە جل وبەرگەش تایبەت بووە بەو پیر وپیاوانەی ئایینی زەردەشت کە سرودەکانیان خویندۆتەوە، من پێموانییە سیاچەمانە تایبەت بووبێت بە سرودە ئاینییەکانی زەردەشتەوە چونکە ئەگەر وا بووبێت ئەوا هیچ نەبێت چەند نموونەیەک یان چەند دێرێک لەو جۆرە نەزمانە دەمانەوە و شوێنکەوتووانی زەردەشتی و ئەهلی هەق ویارسان دەیانپاراستن هەروەک چۆن بەشێکی زۆر لە داب ونەریتەکەیان پاراستووە! چما ئەگەر سیاچەمانە ماکی ئایینیش هەڵبگرێت ئەوا جەم نزیکتر لە وشەی جامەیە و ڕەنگە بلوێت بلیێن رەش پۆشەکانی جەمخانە واتە وابۆی بچین کە سیا هەمان سیاوی هەورامی بێت و پاشگری چەمانە هەمان جەمخانە بێت واتە ئەو دامان رەشانەی نێو جەمخانە کە سرودە ئایینیەکان دەڵێنەوە لە هەردوو حاڵەتدا بەستنەوەی سیاچەمانە بە نەریتێکی ئایینییەوە وەک ئەوە وایە چڵو پۆپی درەختێکمان هلپاچیبێت و بلێین ئەمەیە داری راستەقینە ئەوە با باسی چەمی رەش وناو ناتۆرەی تر بخەینە لاوە کە نە لە رووی رواڵەت و نەلە رووی ناوەرۆکەوە فڕیان بە سەر سیاچەمانەوە نییە بەزمەکانی سیاوچەمانە زۆرن بەڵام ئەو بەزمانەی تائێستاش دەوترێنەوە رەنگە بتوانین نزیکەی سەد بەزم بن کە بە کنا لەیل دواییان دیت وشەکانی ئەکیشرێن لە وانە بەزمەکانی مام حەیدەر _رەشە غۆڵام _کاک عوسمان _ کاک حەمەحسێن و کاک جەمیل بۆ نمونە سیاچەمانەی هەمیشە وەهار _حەلیم داد _خاڵخەنەین _رەفیق داد _خانمەلی_ناسکەوەی _سەرورروێت کە بۆ وتنی ئەم سیاچەمانە گەروو و حەنجەرەیچکی زۆر تایبەتی ئەوەی .

2) نەرمە بەزم یا وردە بەزم : لە ریتمدا زۆر لە سیاچەمانە ئەچن بەڵام ئەم بەزمانە کورتترن ، حەنجەرە زۆر نالەرێتەوە وە بەشێکی زۆر لە گورانیە هەورامیەکان بە خۆ ئەگرن وەک وردە بەزمەکانی خاوەر خاوەر _ ئای هەوار هەوار _ عەمرم پەروانە _سەوزی وتێنە _لیم یاخی _هەوری لەمل .....هتد

وردە بەزمەکان بۆ خۆیان دوو بەشن

:

الف ) بەشێکیان لە چەپی ئەچن و کرژ و کورتن وەک: ئاخ لەرزان ، کەشەودان ، میم گۆرجی ، یاران یاران ، لەیل لەیل کە لە ریتمی هەڵپەرکی گێڵای واتە گەریان دا بۆ پێشەکی هەڵپەڕکی ئەگوترین .

ب) ئەو بەشەکەی تر بە سیاوچامانە نزیکترن وەک ، وەسەد وەسەد ، شیرین شیرین ، خاڵۆی رێبوار

شایانی وتنە وێرای گۆرانی بێژانی بەناو بانگ لەوانە بەرێزان عوسمان و حەمەسین و جەمیل و شەفیع کە بە برایانی کێمنەیی ناسراون هەروەها محەمەد ابراهیم و دارا و ناسکۆڵ و فەتحوڵا امینی کە لە رادیو و تەلەفیزیۆنەکانی کەرکوک و بەغدا و بەشی هەورامی رادیۆ کرماشان و مەریوان گۆرانییان تۆمار کردووە پێشتر سێ گۆرانیبیبَژی دشەیی بە ناوەکانی بەرێزان ئەحەد و ئەحمەد و عەزیز بەزمی نەورۆز گولڕ خێزانیان تۆمارکردوە و ئێستاش کاسێتەکەیان پارێزراوە .

3) دەرەیانە: هەروەک لە ناوەکەیدا ئاشکرایە لە داوێنی شاخ و چیا ،لە چەم و باخ و باخاتی زۆر جوانی هەورامان دەگوترێن و ئاڵا هەڵگرانی ئەم سەبکە بریتین لە رەشە غولام-حاجی یاقود-قالە مراد-کاک عوسمان-قادر پاوەیی-،بەزمەکانی کاکەوەی و ئاخ دیدە و بەزمە دەرەیانەکانی رەشە غولام وەک خوالە ئای، ئاخ دیدەگیان کە عوسمان هەورامی بە تام و چێژێکی یەکجار خۆشەوە ناوبانگی دەرکردوون.

4)چەمەریانە(شیوەن): وەک لە ناوەکەیدا دیارە ئەم نەزمانە شیوەنن بۆ مەرگی ئازیزان وەک چەمەریەکەی جەمیل نەوسودی کە بۆ مەرگی هاورێیەکی خۆی وتویەتی یان شیوەنی هەورامان لە لایەن کاک مەولود و ێەباح وە یان بەزمەکەی من جارانم رۆ و سەیادان ولایەلایەی کاک عوسمان بۆ هەڵەبجە ،لە بەزمی سەیاددا تراژدی ژیانی کەڵە کێوەکان کە لە ژێر چنگی سەیادی بێ رەحمو و بەزەییدا ئەناڵێنن بە دەنگ ئەفسووناویەکەی کاک عوسمان دڵی گوێگر بە سۆ دێنێت:

 

بە عەزمی سەیاد رووم نیا وە کەش

رووم نیا وە رووی کەشی هیلیان هەش

سەرەم بەرد ئە و دیار وە رووی کاوەدا

بە دەسی نسار وەرەتاودا

دیم کەڵی مدران سینە و بەرۆک رەش

ساڵ بە تریقە چوار و پەنج و شەش

مشتم قایم کەرد ئاوردَم ماشە

ناگا تە قەش کەرد کەل بە روی لاشە

وەختی رۆشن بی چەم چەنی دوکەڵ

مدیو کەوتەبێ خەستەی سفید کەڵ

چومە لایەوە بە درەنگەوە

هەر سەرساو مەدا وە رووی سەنگەوە

تێخم نیا مل وە هەردوو تەرەف

تەختە تاوێراش کەرد بە ون و کەف

کەچی کەڵی بێ تاوان و ئەسیری دەستی سەیاد لە ژێر چنگە دڕندەئاساکانی ئەو دا و لە دوایین هەناسەی ژیانیدا تەنیا گازە و گلەیی دەکات و تەنانەت سەیاد بە بینایی چاو بانگ ئەکا کە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ بێ دەسەڵاتی ئەو گیانلەبەرە بۆیە گۆرانیبێژی هەورامی جەستەی بێ رۆحی کەڵە کێوی زیندوو دەکاتەوە وبە دەنگە بە سۆزەکەی خۆی دەیهێنێتە قسە :

چوومە سایکەوتی بێ خەم کەوتانێ

نەزانام سەیاد چاو پێ کەوتانێ

بیناوی دیدەم سەیادی دانا

من وێم پەنا دا تۆ چەنێت زانا

من کەلووکاوی نیشتەبێم بێ خەم

جە هیلیان داڵا توم کەردی بە چەم

 

دیم دوکەلی ئاما جە لاوە

من غەڵتان بیا کۆان دەنگ داوە

5)چەپڵە(چەپی) یان گۆرانی کرژ: بەشی پێنجەمی مەجازی چەپڵەیە کە دەبێتە بناغەی هەڵپەرکێ لە شادی و زەماوەن و سەیراندا .وەک (چەپی یەک قۆڵی-دوو قۆڵی چەند قۆڵی) زۆربەی بێژەرانی هەورامی توانایەکی زۆریان لەم بوارەدا پیشان داوە کە لە سەر هەموویان چەپییەکانی سێقۆلی عوسمان و جەمیل وحەمەحسێن و جەهانبەخش ،سەرنج راکێشن وەک نەزمەکانی (ئامەکە و ئامینم ،هەلی و هەلامە،خڕ بینایی دیدەم، هەورە هەورە، هەریەسن، رێحان تۆ خەلکی ئەم نەزمانە لە جۆری شاد و گرژن، بەشێکی تری بەزمەکرژەکان ئەو بەزمانەن کە نەرمتر و درێژتر و خاوترن ئەم نەزمانە چ لە چەپڵە لێدان و چ لە وتندا وەک بەزمەکانی(ئەلوەن،ئاخ بەلەنجە و لار، زەنیالە...هتد تایبەتمەندی خۆیان هەیە .

 

بەزمە تایبەتییەکان

ئەم بەزمانە هەم لە بەشى حەقیقى و هەم لە بەشى مەجازیدا ئەبینرێن و ناتوانین بڵێن مەجازین یان حەقیقى بەڵکو ئەم جۆرە نەزمانە لە وەسفى پاڵەوانەکان و وەرزەکاندا ئەوترێن وەک نەزمەکانى کاکەوەى یان ئەو گۆرانیانەی لە مەڕ بەسەرهاتى ناوچەى هەوراماندا وتراون بەزمە تایبەتییەکانى هەورامى لە کاتى زەماوەن و کۆچ و ڕاو و شکار و شەڕەبەقدا دەوترێن یان وتراون ، بەڵام هەندێ بەزم ونەزمى تایبەتى لە هەوراماندا هەن کە باوەڕم نییە لە هیچ ناوچەیەکیتردا نموونەیان هەبێت لەوانە بەزمى هەى بادە و بادە لە کاتى زەماوەن کە گۆرانیبێژ لە پێش بووک و زاوا شیعرەکانى ئەڵێت و خەڵکەکە لە وەڵامى ئەودا سەر بەندەکەی ئەڵێنەوە ( هەى بادە و بادە و بادە یا ڕەبى موبارەک بادە ).یا بەزمى شەڕەبەق (کەو باڕ) کە گیرانەوەی چیرۆکی عەشق و دڵداری و تراژدیای ژیانی ئەو باڵندانەیە ،کاتى بگار دێت و قاقبۆى کەو دیمەنێکى یەجگار خۆش بە گەژ و گیا و کێوو چەم و دۆڵى ناوچەکە ئەبەخشێ ئەو کاتە گۆرانى بێژى هەورامى پەنجە هونەرمەندانەکەى دەنێتە گوێ و لە گەڵ قاقبۆى کەوى باڵفڕ و ئازاددا ئاوازى سەربەستى سەرئەدەن لە وەڵامیاندا کەوى دیل دەنێو قەفەسدا بۆ رزگاری و سەربەستی دەقاسپێنێ ،عوسمان هەورامى ئەم دیمەنە جوان و دڵفڕێنەى سروشتى هەورامان کاری لێدەکات و ئەبێتە هاوڕێ ئەو خاڵ لەملانە و وەک وان ئەقاسپێنى و لە یەک لەو گۆرانییە خۆشانەدا بەم جۆرە بەسەرهاتى شەڕەبەق بەیان بکات .

ئەى خوا چن وەشەن چیقە و بەیانى دەنگو بەقەکاو دەگاشێخانى

دامگام نیاوە دلێ گۆراڵا چێڵەکێ واناش بەقەکەم لاڵا

تفەنگ چەنى بەق کەردم لاو قۆڵى لوان شەڕەبەق پەى مرۆ دۆڵێ

ئەى خوا چن وەشا فەسڵو وەهارى بلمێ شەرەبەق هانەوهێڵاوى

یا کاتێ شاخ و چیاکانی هەورامان لە گەڵ هەوارگەچۆڵ وبێنازەکاندا دێنە گفتوگۆ و بە زارى بێزمانى خۆیان رازى دڵەکانیان بۆ یەکدى دەڵێنەوە گۆرانى بێژى هەورامى زۆر زانایانە ئەو ڕازە ئەدرکێنێ و ئەڵێ:

حاجى ڕا چڕیش ئەو ملەگاو وەنى کەماجەڕ پڕا کۆنى لۆکەنى

نوێجەڕ چڕیش دەربەن دوڵانا چنور پەى شەوبۆى زەردیش نمانا

شێوازەکان گۆرانی هەورامی:

1سەبکی کۆن

2سەبکی نوێ

سەبکی کۆن:سەبکە کۆنەکانی گۆرانی هەورامی کە رەسەنایەتی خۆیان پاراستووە زۆرتر لەسیاچەمانە و بزمە خاوەکاندا دەبینرێن و گۆرانکاری ئەوتۆیان بەسەردا نەهاتووە و دیارە ئەوە نیشانەی دەوڵەمەندی و بەهێزی زمان و زاراوەی هەورامیە و گۆرانی بێژانی بە توانا وەک کاک عوسمان و جەمیل بە دەنگی خۆش و زەڵالی خۆیان تەئسیرێکی وایان کردووەتە سەر خەڵکی هەورامان کە گۆرانی هەورامی تا ئەمرۆش پێویستی بە ئال گۆڕ تەنانەت بە مۆسیقای نامۆ نابێت.هەرچەندە بۆ خۆم باوەڕم بە گونجاندنی گۆرانی هەورامییە لەگەڵ مۆسیقادا و بردنە پێشی لەگەڵ کاروانی بەرەو پێش چووی ئەم سەردەمەدا بەڵام لە هەمان کات ئەم رێبازە نابێ ببێتە هۆی رەنگ و بۆ گۆڕینی گۆرانی هەورامی و سیاوچەمانەی پر تەمەن بە بیانووی دونیای نوێ و گۆرانی نوێ.

سەبکی نوێ:سەبکی نوێی گۆرانی هەورامی لەگەڵ دەستەی مۆسیقای شنروێ،مەولەوی و سلێمانیدا بە بەشداری کاک موحەمەد ئیبراهیم و کاک دارا و کاک عوسمان دەستی پێکرد ئەڵبەتە تا ئەو قۆناخە شێوازی گۆرانی هەورامی نەگۆڕدراوە و تایبەتمەندی و رەسەنایەتی خۆی پاراستووە دواتر گۆرانی بێژانی تر وەک فەتحوڵا امینی سەباح هەورامی نەوشیروان- -ئەرجمەن هەورامی-نەجمەدین هەورامی-سیروان لهۆنی-عادل هەورامی ودواتر هێرش هەورامی ، سیروان ودڵسۆز خالدی وئیسمایل هانەگەرمەڵەیی و فەرزادامینی و لایەق خانەگایی سەبکێکی نوێیان هینائارا و گۆرانی هەورامی ریتمی موسیقایی ئەم کارە گرینگە لە جێگای خۆیدا شایانی تەقدیر و پێزانیینە بە شەرتێک ئەو رەوتە لە خزمەتی زاراوەی هەورامیدا بێت و بەرەو هەڵدێرێکی نادیار نەیبات.

تێکەڵکردنی مەقامی عەرەبی و فارسی و تەنانەت سۆرانی و لاسایی کردن ئاکامێکی باشی لێنابێتەوە ،بەهەر حاڵ ئەمرۆ تیپەکانی مۆسیقا لە هەورامان ئەرکی سەرشانیانە کە رەسەنایەتی گۆرانی هەورامی وەک گلێنەی چاویان بپارێزن.

 

پەیوەندى گۆرانى هەورامى لە گەڵ ئامێرەکانى مۆسیقادا

گۆرانی و مۆسیقای هەورامی ئەوەندە لە گەڵ سروشتى جوان و دڵفرێن و شاخ و داخى ناوچەکەدا دەگونجێ کە بە وتەى پێشینان ئەڵێ بۆ یەک خۆش کراون .بۆیە پێویستى ئەوتۆى بە ئامێرەکانى موسیقى نەبووە ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ سروشتی گۆرانی هەورامی . بەڵام ئاوازە کۆنەکانى گاتا و سروودە ئاینییەکانی زەردەشت کە بۆ ئەهورامەزدایان وتووە لە گەل جۆرە ئامێرێک کە هەنوکە تنبوور جێگای گرتۆتەوە وتراون ،ئەمەش ئەو بیر و بۆچوونانە کەمڕەنگتر دەکات کەپییانوایە سیاوچەمانە لە سروودە ئاینییەکانى زەردەشتەوە سەرچاوەى گرتووە، رەنگە گۆرانییە چەپییەکان تا ڕادەیەک لە گەڵ مۆسیقى بوترێن بەڵام سیاوچەمانە پەیوەندى بە مۆسیقاوە نییە و لە گەڵ یەکدا ناوترێن گەربڵین بۆ ؟

ئەلێم گۆرانى هەورامى رەنگدانەوەی هەست و سۆز و ئەوینی هەورامییەکانە بۆ ناوچەکەیان و مرۆڤى هەورامى تاچاوى کەوت بە دیمەنى سەوز و ڕەنگین و قرمە و قەڵبەزەى ئاوى چەم و رووبارەکان و قاقبۆى کەو چەهچەهەی بولبول وخشپەی کەڵەکێوى ئیدى خۆى بۆ ناگیرێ ودەس لە گوێ ئەنێت وبە ناڵەى کنالەیل ئەو ئەوینە دەرئەخات ، هەرچەندە شمشاڵ وەک ئامێرێکى مۆسیقی لە گەڵ سیاوچەمانە ئەگوترێ بەڵام ئەوە ش بە هۆى دەنگ خۆش نەبوونى ئەو کەسانەیە کە شەیداى سیاوچەمانەن و ناتوانن بە گەروی خۆیان ئەو ریتمە بڵێنەوە .بۆیە پەنا دەبەنە بەر شمشاڵ تا هەواى حەز و ئارەزووەکانیان بەوجۆرە دەرببڕن .هەروەک باسمان کرد گۆرانیی چەپی یان کرژ ئەمڕۆ لە گەڵ ئامێرەکانى مۆسیقا لە ناوچەى هەوراماندا لە کاتى شادى و زەماوەن یان لە (تەکیە )و خانەقاکاندا لە گەڵ دەف و تەپڵ و دەهۆڵ و شمشاڵ و زوڕنا ئەوترێن .

رۆڵى گۆرانى هەورامى لە زیندووکردنەوى وێژەى هەوراماندا

 

گۆرانى هەورامى بە گشتى چ لە شێوازى کۆن و چ لە شێوازى نوێ لە سەر شیعرە دووانەکان یا شێعری بڕگەیی دانراوە و لە ژێر رکێفى سیعرى کلاسیکدا لەوانە شیعرەکانى بێسارانى ،سەیدى و مەولەوى چرۆ دەکات و دەگەشێتەوە . ئەو پەیوەندییە بووەتە هۆى نزیک بوونەوەى گۆرانى بێژانى هەورامى لە گەڵ شیعر و ئاشنا بوونیان بەئەدەب و کەلتوورى ناوچەکەیان .ئەگەر چاوێک بخشێنین بەسەر هەندێ لەو سیاوچەمانەو گۆرانیە هەورامیانەدا دەبینین کە چۆن شیعرى ئەو شاعیرانە بووەتە وشەی سەر زار و کرۆکی گۆرانییەکانیان و رۆژانە لە سەر زارى خەڵکدا ئەوترێنەوە ئەمەش خاڵێکى دڵخۆشکەرە بۆ پەرەپێدانى وێژەى هەورامى .

 

رۆلى گۆرانى هەورامى لە بوارى سیاسى و کۆمەڵایەتى

لە بوارى سیاسى: لە بواری سیاسیدا گۆرانى کوردى بە گشتى و گۆرانى هەورامى بە تایبەتى رۆڵى بەرچاوى بینیوە و لە پەروەردەکردنى بیر و بۆچونى نەتەوایەتى ،خۆشویستنى نیشتیمان و حەماسە خوڵقاندن . ئەم گۆرانیانە هۆشیاری سیاسى (هەورامییەکانی) تا لوتکەى هەڵوێست بەرز کردۆتەوە و گۆرانى بێژانى هەورامى بە هۆنراوە سیاسیەکان بە گژ دوژمناندا دەچنەوە و گەلەکەیان لە دیاردە نامرۆڤییەکانى سەردەم تێ دەگەیەنن ئەمەش لە هەندێ گۆرانیدا بەر چاو دەکەوێت لەوانە: ئەو گۆرانیەى کە بۆ چۆلى و مەینەتى ناوچەکە وتراوە و ئەڵێ:

بەڵام بەزمەکەى من جارانم رۆ

پەى چۆڵ مەنەکەى هەورامانم رۆ

با گوریسەکەى خەم بدەم بە شانا

کێشەى غەم کەرو بە هەورامانا

یا ئەو کاتە کە کارەساتێکی دڵتەزێن وەک ئەوەى لە هەڵەبجە روویدا دێتە ئاراوە و گۆرانیبێژی هەورامى هاوارى لێ هەڵئەستێ و داواى هەڵوێست ئەکا لە خەڵکەکە لەوانە لایە لایەی هەڵەبجە کە بۆ کۆرپە لە بێشکەخەو تووەکانى شارەزوور و هەڵەبجەى خنکاو و چەم و دۆڵى تەم و مژ گرتوو وتراوە ،

با بدەم وەسەردا هەردوو دەستى خۆم بۆ چۆڵى وەتەن بۆ بێکەسى خۆم

هەڵەبجە و خورماڵ گوڵپ و گەچێنە هیچ کەس نەدیەنش زوڵمى ئەچینە

 

بواری کۆمەڵایەتی

گۆرانی هەورامی ڕەنگدانەوەی شیعر و خەیاڵی ناسکی شاعیران و ئەوینی ئەویندارن و گلە و سکاڵای دەردەداران و لێ قەوماوانە بەرامبەر بە کۆمەڵ و سروشت وەک وەسفی کۆچ و کۆچبەران لە بەزمی هەوار بارش کەرد لواوە داڵانی یان وەسفی عەشق و دڵداری کە لە زۆربەی گۆرانیە هەورامییەکاندادەبینرێت ، لە موسیقای هەوراماندا چیرۆکی دڵداری و ئەوین و خۆشەویستی بووەتە پێناسەی بەشێک لە گۆرانییەکان هەر بۆیە زۆربەی گۆرانیەکان بە ناوی خۆشەویستێک ناویان دەرکردووە وەک بەزمی (خاوەر خاوەر-هەراڵە هەراڵە-ئامان میم گورجی-شیرین شیرین-ئامین ئامین-حەلاو حەلاو-پەروانە-هتد) هەندێ بەزموو نەزمیش هەن کە وەسفی وەرزەکان ئەکەن و تایبەتمەندییەکانی ئەو وەرزانە دێنن بەرچاو وەک (وەهارە گیان وەهارە).

 

 

رەنگدانەوەی شیعری شاعیران لەسەر گۆرانی هەورامی

گەر چاوێک بە گۆرانیە هەورامییەکان بخشێنین کاریگەری شیعرەکانی شاعرانی گەورەی هەورامان وەک(بێسارانی-سەیدی هەورامی)و مەولەوییان بە باشی پێوە دیارە، رەنگە هیچ بەزموو و نەزمێک خاڵی لە وشەو شیعری ئەو شاعیرانە بەتایبەت مەولەوی نەبێت، تەنانەت بەشێکی بەرچاو لەو گۆرانیانە بەناوی شیعرەکانی مەولەوییەوە نازناوییان دەرکردووە وەک (خاڵۆ خاڵۆتەن-ئامان هەی ئازیز-واچە بە سازان سازان بسازان من چەنی سازان سازانم سازان-شیرین ئای شیرین- ئاماوە وەهار...هتد) ئەم رێبازە بۆ خۆی رەسەنایەتی گۆرانی هەورامی دەپارێزێ هەرچەندە تێکەڵی و خزمایەتی جاف و گۆران و نیشتەجێ بوونیان لە ناوچە خۆشەویستەکەی هەورامان کاریگەرییەکی زۆری هەیە لە سەر گۆرانیە هەورامییەکان و لە راستیدا بێژەرانی هەورامی تەنیا بۆ هەورامی زمانەکان گۆرانیان نەوتووە بەڵکو زۆر وشەی زاراوەی جافیشیان بەکار بردووە تەنانەت جافەکانیش بە هۆی ئەو هەموو جوانیەی ناوچەکە و هەوای خۆشی سیاوچەمانەوە ئێستا لەو بوارەدا شان بە شانی هەورامییەکان گۆرانی و سیاوچەمانەیان کردووەتە بەزموونەزمێکی باو لە شادی و زەماوەن و سەیران و بۆنەکاندا و بێژەرانی زۆر بە توانا و لێهاتوو وەک کاک فتح اللە جوانرۆیی و کاک عومەر باینگانی وکاک حەمەئەمینی خواشتی و کاک سدیق ئافڕیانی بە دوو شێوازی کۆن و نوێ لەو رێگا ئاڵای هونەری رەسەن و فکری ناوچەی هەورامانیان بەرز کردووەتەوە و داوای سەرکەوتنیان لە یەزدانی پاک بۆ دەخوازم.

 

 

 

 

ئامێرەکانى مۆسیقاى هەورامى

ئامیرەکانى مۆسیقاى ئەسیل و خۆماڵى لە هەورامان بریتین لە شمشاڵ ،دەف،دەهۆڵ،تەپڵو زوڕنا کە هەریەک بۆخۆى تەمەنێکى هەیە .

شمشاڵ:لێکۆڵەڕانى مۆسیقاى دێرینە لەو باوەڕەن کە شمشال َ لە بارترین و کۆنترین ئامێرى موسیقى بووە کە هاوڕێ دەنگ و ئاوازى مرۆڤە و تەمەنى ئەم ئامێرە ئەگەڕێتەوە بۆ حەزرەتى مووسا و شوێنەوارەکانى ئاشوور وەک شاخى ئاژەڵێک لە سەر بەردێکى تاشراوى گڵکۆى سەنحاریب دۆزراوەتەوە و هەورامییەکانیش ئەو هونەرەیان لە پێشینیان بۆ بە جێماوە .رەنگە یوسف ئاسکە لە دەورانى ئاماراتى ئەردەڵان برەوى پێ دابێو وەک هاوڕێسیاوچەمانە و یان جێگرى سیاوچەمانە کەڵکى لێ وەرگرتبێ .

جنسى شمشاڵ :لە کۆنەوە لە ئێسکى باڵدارێک بەینوى هەڵۆخۆش کراوە پاشان لە شاخى ئاژەڵێک باشتر لە نەیجە و مس و برینجە .درێژى دوو سبک ئەبێ و پێنج کونى تێ ئەکەن کە نێوانیان تەقریبەن پێنج سانتیمەتر ئەبێئەو کاتە فوى لێ ئەکەن و جۆرە دەنگێکى لێ ئەبێتەوە .

(جۆرەکانى شمشاڵ لە بوارەکانى مەقامدا لە ناوچەى هەورامان)

1.سەحەرى 2.دەڕەیى 3.چەمەرى

4.هەراڵەزەردە 5.حەسبە (شمشاڵى نەخۆش)

1.سەحەرى:بە دایکى شمشاڵى هەورامى ناوى ئەبەن وە لە کاتى بەیانیان وەک ئاگرکردنەوەى خەڵک بۆ کاروبارى رۆژانە لێ ئەدرێت .

2.دەرەیى:بۆ جوانى و سروشتى رازاوەى هەورامان وتراوە وە لە کاتى وەرز و ئیشوکارى نێو باغ پیاوانى بە تەمەن گوێ بیستى ئەم شمشاڵەن .

3.چەمەرى:لە کاتى غەم و ماتەم لە گەڵ جەنازەى مردوو لێ دراوە .

4.هەراڵە زەردە:ئەم مەقامە لە بەهارو لە کاتێ کە گوڵە زەردەکان دەم دەکەنەوە لێ ئەدرێ .

5.حەسبە(مۆسیقاى دەرمانى):لە کاتێکدا کەسێک تووشى نەخۆشى حەسبە بووە بۆیان لێداوە و نەخۆشەکە بە جۆرێکى موعجیزە ئاسا چاک بووەتەوە .

(جۆرەکانى شمشاڵ بە گشتى )

1.شمشاڵى شاد 2.شمشاڵى عیرفانى 3.شمشاڵى حەزین

1. شمشاڵى شاد: ئەم جۆرە شمشاڵە هەروەکو گۆرانییە چەپییەکان بە دوو جۆرى کرژ و نەرم لێ ئەدرێ و بە ناوى بەزمە چەپییەکان ناسراوە وەک کاڵە بەى کاڵە ،هەلام هەلامە ،دیسان دوبارە بەزمە نەرمەکان وەک ئەڵوەن ،ئەمرۆ منیام بارئەکا.

2.شمشاڵى عیرفانى: ئەم شمشاڵە لە تەکیە و خانەقاکاندا دەوترێ و هەندێ جار لە گەڵ دەف هاوڕێ یەکن وەک بەزمەکانى ئەڵا حەى ئەڵا ،مەدەد یا غەوسى گەیلانى ،/لەیل و لەیل .

3.شمشاڵى حەزین: ئەم شمشاڵە لە ناوچەى هەورامان جێگاى مەقام دەگرێتەو ەزۆربەى مەقامەکان لەم جۆرەن وەک سەحەرى ،چەمەرى ،دەڕەیى،هەراڵە زەردە ،حەسبە.

 

(شمشاڵ ژەنە ناودارەکانیى هەورامان )

ئەگەر بۆ رابردوویەکى زۆر دوور نەرۆین ئەوا کاک لوتفوڵا جەهان سوز خەڵکى نەوسوود ،حەمەئەمین فەتاح پوور نەوسوودى ،موحەمەدى رۆستەمى خەڵکى شۆشمێ ،کاک هۆمەرى خالدى شۆشمەیى ،نەسرەدین نەوسوودى ،دەروێش مەجیدى دشەیى ،مام قادرى دشەیى ،ئێستاش شمشاڵ ژەنانى بەناوبانگ وەک جافر زەلکەیی ،جەمشیدى نەوسودى،رافع و فەتحوڵا دشەیى ،نەزیفى خانەگایى ،ئەلى ئەکبەرى زەیرانى ،باقى شەفیعى پاوەیى ،کاک نەجیبى حەسەنى نەوسوودى کە لەم بوارەدا شارەزاییەکى بەرچاوییان هەیە لەم هونەرەدا خەریکى خزمەت کردن بە مۆسیقاى هەورامین .

(ئامێرى دەف)

دەف: لە پێستى مەڕ دروست دەکرێ ئامێرێکى کۆنى مۆسیقاو گۆرانى هەورامییە ئەم ئامێرە پێش هاتنى ئایینى پیرۆزى ئیسلام تەنانەت پێش ئایینی زەردەشت لە زۆر ناوچەی دەوروبەرى هەردوو زێ دیجلە و فوراتدا هەبووە .لە سەردەمى سومەرییەکاندا بەم ئامێرەیان دوپ وتووە کە بەواتای تابلۆ و خەت هاتووە و هەر لە زەمانى سومەریشەوە گەیشتووە لای ئەکەدییەکان کە ئەوان پێیان وتووە دوپو لەوانیشەوە بەمیرات ماوەتەوەى بۆ ئارییەکان و بۆتە دوپ ، مەبەستیشیان لەم وشەیە تابلۆ و لاپەڕە بووە پاشان لە ئەنجامى هاتوو چۆى عەرەبەکان بۆ ئێرانى کۆن وشەکەیان بە دەف وەرگرتووە هەورامییەکانیش ئەم هونەرەیان لە ئەجدادى خۆیان کە لە زاگرۆس ژیاون بە میرات پێ گەیشتووە و لە شادى و زەماوەن و جێژنە ئایینییەکاندا بە کاریان هێناوە .

 

بە هیوای سەرکەوتن

رەفعەت مورادی